حه‌ز ئه‌که‌م وتاره‌که‌م به قسه‌یه‌کی مامۆستا هه‌ژاری نه‌مر ده‌ست پێ‌بکه‌م،مامۆستا هه‌ژار ده‌ڵێ: "نه‌ته‌وه‌یێک که پارێزگاری زمانه‌که‌ی خۆی بێ،وه‌کوو دیلێکه که کلیلی زیندانه‌که‌ی له گیرفاندا بێ،هه‌ر کات هه‌ل و مه‌رجی ئه‌وه‌ی بۆ ڕه‌خسا،ده‌توانێ خۆی ڕزگار بکا.به‌ڵام نه‌ته‌وه‌یێک که گرنگیی نه‌دا به زمانی خۆی وه‌کوو دیلێکه که کلیلی زیندانه‌که‌ی له ده‌ست دوژمنه‌که‌ی دا بێ،بۆیه چۆک داده‌دا و ورده‌ورده له نێو زمان و فه‌رهه‌نگی باڵاده‌ست دا ده‌توێته‌وه."
نموونه‌ی یه‌که‌م وڵاتی ئیسپانیایه،ئه‌ندلۆس پتر له حه‌وت سه‌ده به‌شێک بوو له ئیمپراتۆریای ئیسلامی و خه‌ڵکه‌که‌شی به عه‌ره‌بی قسه‌یان ده‌کرد،به‌ڵام له ناخی دڵه‌وه ناڕازی بوون و زمانی عه‌ره‌بییان به ناڕه‌زایه‌تییه‌وه قبووڵ کردبوو،بۆیه له کاتی ده‌رچوونی عه‌ره‌ب له ئیسپانیا، زمانی عه‌ره‌بییش له نێویاندا نه‌ما.نموونه‌ی دووهه‌م فینیقییه‌کانی سووریا و لوبنان،قیبتییه‌کانی میسر،ڕه‌شه‌کانی سوودان و به‌ڕبه‌ڕه‌کانی مه‌راکیش و ئێرانییه‌کانی مه‌داینه،که ئه‌مانه له ئه‌سڵدا عه‌ره‌ب نه‌بوونه به‌ڵام چونکه زمانێکی به‌هێزیان نه‌بوو و گرنگتر له‌وه پارێزگاری زمانه‌که‌یان نه‌بوون له نێو زمانی عه‌ره‌بیدا توانه‌وه و بوونه عه‌ره‌ب و ئێستاش له عه‌ره‌ب عه‌ره‌بترن و ڕه‌نگه خۆیان نه‌زاننیش که به ڕه‌چه‌ڵه‌ک عه‌ره‌ب نه‌بوونه.
که‌وایه قه‌ت له بیرمان نه‌چێ: به مردنی هه‌زاران که‌س نه‌ته‌وه‌یێک نامرێ،به‌ڵام به مردنی زمانێک ڕیشه‌ی داری ژیانی نه‌ته‌وه‌یێک ویشک ده‌بێ و به کزه‌بایه‌ک ده‌که‌وێ.
زمان ئامرازی ده‌ربڕینی هه‌ستی هه‌ر مرۆڤێکه، به‌ڵام کاتێ که نه‌توانێ به زمانی خۆی قسه بکا، هه‌ست به که‌موکووڕی و ناته‌واوی ده‌کات و خۆی له به‌رانبه‌ر نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ستدا،به که‌م ده‌زانێ و، بڕوای به فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر و ئەده‌ب و ته‌نانه‌ت بوونی خۆیشی نامێنێت.
له وڵاتانی فره‌نه‌ته‌و‌ه و فره‌زماندا،هه‌میشه زمان و فه‌رهه‌نگ و وێژه‌ی که‌مه‌نه‌ته‌وه‌کان، له‌ژێر هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسیدایه و که‌مبایه‌خ یان بێبایه‌خ ده‌کرێن. ته‌نانه‌ت، ئه‌و که‌سانه‌ی که خاوه‌نی زمانه نافه‌رمییەکانن، له ده‌ره‌وه‌ی شوێنی ژیانیان، به که‌مڕوویی، یان به‌شه‌رمه‌وه، زمانی دایکییان له ئاخاوتن له‌گه‌ڵ یه‌کدا به‌کار دێنن، هه‌ر ئه‌مه ده‌بێته هۆی ئه‌وه بڕوای به خۆی نه‌مێنێ و، خۆی به‌که‌م بزانێ. ڕاستییەکەشی وایه، مرۆڤێک که خۆی نه‌ناسێ و زمان و وێژه و هونه‌ری نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆی خۆش نه‌وێ، ئه‌و مرۆڤه ناتوانێ به‌رگری له بوون و مانی خۆی بکا، چونکه باوه‌ڕی به خۆی نییه و قێز و بێزی له هه‌موو شتێکی خۆی دێته‌وه.
هه‌ستی ناسک و پاکی دایکێک، که کۆرپه ساواکه‌ی ده‌لاوێنێته‌وه، هه‌ستی منداڵێکی ساوا که تازه زمانی گرتووه و له‌کاتی برسییه‌تیدا هاوار ده‌با بۆ دایکه‌که‌ی، هه‌ستی ئه‌ویندارێک که به به‌ژن و باڵای خۆشه‌ویسته‌که‌یدا هه‌ڵده‌ڵێ، هه‌ستی دایکێکی جگه‌رسووتاو،که به‌سه‌ر لاوی له‌ده‌ستچوویدا شین و ڕۆڕۆ دەکا، هه‌ستی دووربوون له خۆشه‌ویستێک که به ساڵان نه‌یدیوه و ده‌یلاوێنێته‌وه، هیچ زمانێک، جگه له زمانی دایک، ناتوانێت ئه‌م سۆزه ده‌روونیییه، به شێوازێکی پاراو و جوان، ئه‌و جۆره‌ی که پێویسته، ده‌رببڕێت. ئه‌گه‌ر که‌سێک له‌مانه گومانی هه‌بێ،له‌گه‌ڵ هه‌ست و سۆز و بوونی خۆیدا ناڕاسته؛ و خۆی فریو ده‌دات.
گومان له‌وه‌دا نییه، که زمان ئامرازێکه بۆ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر، به‌ڵام، ئه‌گه‌ر ته‌نیا تا ئه‌م ئاسته بڕوانینه زمان، له ڕاستیدا زمانمان سنووردار و قه‌تیس ڕاگرتووه. زمان، سه‌ڕه‌ڕای ئه‌وه‌ی که ئامرازێکه بۆ پێوەندیگرتن، هاوکاتیش، ئامرازێکه بۆ بیرکردنه‌وه، بۆ شێوەپێدان به پێکهاته‌ی بیرکردنه‌وه‌ی منداڵ و فێربوونی؛ هه‌روه‌ها ئامرازێکه بۆ پێناسه‌کردنی ناسنامه‌ی مرۆڤ. زمان که‌ره‌سه‌ی بیرکردنه‌وه و تێگه‌ییشتن و پێگه‌ییشتنه، زمان شکڵ ده‌دا به چوارچێوه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی هه‌موو مرۆڤێک و، پێناسه‌ی هه‌بوونیه‌تی و، له‌مانه‌ش گرینگتر، کۆڵه‌که‌ی مانه‌وه‌ی هه‌موو نه‌ته‌وه‌یێک، زمانەکەیەتی..
کاریگه‌ریی زمانی دایک له‌سه‌ر فێربوون و گه‌شه‌ی بیرکردنه‌وه و شێوەپێدان به که‌سایه‌تیی منداڵانی قوتابی، به‌تایبه‌تی له‌م سی ساڵه‌ی دواییدا، جێگای سه‌رنجی زۆربه‌ی زمان‌ناسان بووه. هه‌موو ئه‌و لێکۆڵینه‌وه‌گه‌له‌ی که له‌م باره‌وه کراوه، به تێکڕایی جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌که‌ن، ڕۆڵ و ده‌وری زمانی دایک بۆ فێربوون و گه‌شه‌ی بیر و مێشکی منداڵ، له هه‌موو شتێک گرنگتره! به ڕاشکاوییەوە، ده‌توانم بڵێم: هیچ لێکۆڵینه‌وه‌یەکی زانستی نییه که جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه نه‌کا: ده‌ور و نه‌خشی زمانی دایک له فێربوونی منداڵدا گرنگ و بنه‌ڕه‌تییه.
لێکۆڵینه‌وه‌کان ده‌ریان خستووه که فێرکردن به زمانی دایک له ناوچه دووزمانه‌کاندا له گه‌شه‌کردنی که‌سایه‌تی منداڵدا ڕۆڵێکی زۆر گرینگ و حاشاهه‌ڵنه‌گر ده‌گێڕێ.چونکه منداڵ هه‌ر له ده‌ورانی کۆرپه‌له‌ییه‌وه له گه‌ڵ دایکی خۆی و به زمانی دایکی گه‌وره ده‌بێ و ورده‌ورده فێر ده‌بێ به‌م زمانه کایه بکا،پێ‌بکه‌نێ،بگری،هه‌ست و سۆزی خۆی ده‌رببڕێ.گرینگتر له هه‌موو شتێ به زمانی دایکی بڕوا به خۆبوون په‌یدا ده‌کا.
به مه‌رجێک که له سیستمی په‌روه‌رده‌دا زمانی دایکیی پشت‌گوێ نه‌خرێ و پشتیوانی بکرێ و به‌های پێ‌بدرێ،فێربوونی دوو زمان ته‌نانه‌ت سێ‌چوار زمان کاریگه‌ریی پۆزه‌تیڤ له سه‌ر گه‌شه‌کردنی قۆناغه‌کانی خوێندن له قوتابیاندا داده‌نێ،ئه‌گه‌ر له پاڵ فێربوونی زمانی دووهه‌م(بۆ نموونه فارسی)منداڵان به زمانی دایکی ڕابهێندرێن و بخوێنن هاوکات له هه‌ر دوو زماندا به باشی ڕاده‌هێندرێن و له ڕاستیدا ده‌توانن هه‌ر دوو زمانه‌که به ڕێکوپێکی و لۆجیکاڵ له کن یه‌ک دابنێن و به‌راوردیان بکه‌ن.
زۆرتر له په‌نجا توێژینه‌وه له پێنج ساڵی ڕابردوودا دانی به‌و قسه‌یه‌دا هێناوه که زه‌مانێ شاعیر و فه‌یله‌سووفی ئاڵمانی گۆته وتبووی: "که‌سێک که ته‌نیا یه‌ک زمان ده‌زانێ له ڕاستیدا له گه‌ڵ ئه‌و زمانه‌دا ئاشنایه‌تی ته‌واوی نییه ".
ڕاده‌ی گه‌شه‌کردنی زمانی دایکیی قوتابیان بێ‌گومان ده‌بێته هۆی گه‌شه‌ی زۆرتری زمانی دووهه‌میان.ئه‌و قوتابیانه‌ی که به بنه‌مایه‌کی به‌هێز له زمانی دایکیاندا دێنه نێو قوتابخانه له فێربوونی زمانی دووهه‌مدا تواناییه‌کی زۆرتر له خۆ نیشان ده‌ده‌ن.باوک و دایکان و داپیر و باپیران له ماڵه‌وه زۆرترین په‌یوه‌ندییان له گه‌ڵ منداڵدا هه‌یه،چیرۆکیان بۆ ده‌گێڕنه‌وه،له باره‌ی بابه‌تی جۆراوجۆره‌وه له گه‌ڵیاندا ئه‌دوێن بۆیه بازنه و خه‌زێنه‌ی وشه‌ی زمانی دایکییان به هێز ده‌بێ و کاتێ دێنه نێو قوتابخانه به تواناییه‌کی ته‌واو و سه‌رکه‌وتووه‌وه خۆیان ئاماده‌ی فێربوونی زمانی دووهه‌م ده‌که‌ن.
ئه‌و تواناییانه‌ی که ئه‌وان له زمانی دایکییان‌دا له ماڵه‌وه فێربوونه،ده‌گوازرێته‌وه بۆ قوتابخانه و زمانی دووهه‌م.بۆیه پشتیوانی کردن له زمانی دایکی له مه‌دره‌سه‌دا نه ته‌نیا زمانی دایکی ،به‌ڵکوو هێز و توانایی منداڵان له فێرکردنی زمانی دووهه‌مدا پته‌وترده‌کا.
ئه‌مه قسه‌ی زمان‌ناسه‌کانه که ده‌ڵێن:ئه‌گه‌ر زمانی دایکی له مه‌دره‌سه‌دا به شێوه‌یه‌کی کاریگه‌ر ته‌دریس بکرێ،کارکۆ(عملکرد)ی قوتابیانی ناوچه دووزمانه‌کان باشتر ده‌بێ و ڕاده‌ی فێربوونی سه‌واد له زمانی دووهه‌مدا زۆرتر ده‌بێ.به پێچه‌وانه‌ش ئه‌گه‌ر له مه‌دره‌سه‌دا بۆ له بیربردنه‌وه و له به‌رچاونه‌گرتنی زمانی دایکییان هان بدرێن گه‌شه‌کردنیان له سه‌رخۆ و هێواش ده‌چێته پێش و بنه‌مای زه‌ین و که‌سایه‌تیشیان بۆ په‌روه‌رده بریندار ده‌بێ.
ساڵانی پێشوو هه‌ندێ له پسپۆڕانی په‌روه‌رده و ته‌نانه‌ت باوک و دایکان به چاوێکی گوماناوی و نیگه‌رانییه‌وه ده‌یانڕوانییه خوێندن و په‌روه‌رده به زمانی دایک له مه‌دره‌سه‌دا؛به‌ڵام ئێستا که قه‌ڕنی بیست و دووهه‌م و سه‌ده‌ی پێشکه‌وتنه، توێژینه‌وه‌ی زمان‌ناسان ئه‌و بۆچوونه‌ی سه‌ره‌وی به ته‌واوی پووچه‌ڵ کردۆته‌وه.
بۆ نموونه ئێستا له سیستمی په‌روه‌رده‌ی وڵاته پێشکه‌وتووه‌کانی ئورووپادا وه‌کوو سوید،فه‌رانسه،که‌نه‌دا،بێلژیک و...هه‌موو منداڵانی ده‌ره‌کی (بۆ نموونه منداڵی په‌نابه‌ران) بۆیان هه‌یه له پاڵ زمانی ئه‌و وڵاتانه‌دا به زمانی دایکییان بخوێنن و خودی ئه‌و وڵاتانه‌ش هه‌موو جۆره پێداویستی و ئاماده‌کارییه‌ک ده‌نێنه به‌رده‌ستیان.
به‌ڵام به داخه‌وه هێشتا له هه‌ندێ وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا که خه‌ریکن له سه‌ده‌کانی نێوه‌ڕاستدا ده‌ژین،خوێندن به زمانی دایکی شتێکی سه‌یر و ته‌نانه‌ت گوناح و تاوانه و زمانی دایک له قوتابخانه‌کاندا بریندار و ناشیرین و بێ‌نرخ ده‌که‌ن.
به‌م کاره که‌سایه‌تی منداڵ پێشێل ده‌بێ،شه‌رم و خۆ به‌که‌م‌زانین ڕووی تێ‌ده‌کات، یانێ ئه‌و منداڵه خۆی و زمانه‌که‌ی به سووک و حه‌قیر ده‌زانێ.ده‌بێ به مه‌جبووری تێ‌بکۆشێ زمانی دووهه‌م به بێ‌له‌هجه قسه‌بکا و له قسه‌کردندا هه‌ڵه‌یه‌کی نه‌بێ،چونکه ڕه‌نگه پێ‌بکه‌نن و پێ‌ڕابوێرن.بۆیه ئه‌میش کپ و بێ‌ده‌نگ مته‌قی لێ‌ده‌بڕێ و ئه‌و شته‌ی له دڵیایه ناتوانێ به زمانی خۆی ده‌ری‌ببڕێ،ئاکام لێ ده‌بێته گرێیه‌کی ده‌روونی.
له مه‌دره‌سه‌دا قه‌ت باسی گه‌وره‌پیاوان و ژنانی ئه‌م ناکرێ،باسی مێژوو و قاره‌مانانی ئه‌م ناکرێ،ناتوانێ بێجگه له شێعره‌کانی نێو کتێبه‌که‌ی، شێعرێک به زمانی خۆی له به‌ر بکات. هه‌میشه خه‌مێکی قووڵ دامده‌گرێ کاتێ ئه‌و منداڵه جوانانه له نێو شه‌قام و کۆڵانه‌کاندا ده‌بینم که خه‌ریکن به ده‌م یاری کردنه‌وه به زمانێکی دیکه شێعری کتێبه‌کانیان له به‌ر ده‌که‌ن، یان به زمانێکی دیکه پێکه‌وه قسان ده‌که‌ن.ئاخۆ نه‌ده‌بوا ئه‌و منداڵه خنجیلانانه له جیاتی ئه‌وه‌ی که ئه‌وه‌نده زۆر و فشار بێنن بۆ مێشکیان تاکوو شێعرێکی کتێبه‌که‌یان له به‌ر بکه‌ن که ڕه‌نگه لێشی تێنه‌گه‌ن،شێعرێک به زمانی خۆیانیان له به‌ر کردایه؟!بۆ ده‌بێ شانازی به فه‌رهه‌نگ و پاڵه‌وانان و زمان و مێژووی زمانی زاڵ و باڵاده‌سته‌وه بکات؟!هه‌موو ئه‌مانه له داهاتوودا ئاکامی ده‌بێته ڕووخانی که‌سایه‌تی و ده‌روونی ئه‌و منداڵه.
منداڵ ورده‌ورده زمانی خۆی له به‌رچاو ده‌که‌وێ،چونکه زمانی مه‌دره‌سه زمانی زانست و شیمی و ڕیازییه، به‌ڵام زمانی ئه‌م زمانێکی پله دوو و ته‌نیا زمانی ماڵ و باوک و دایکیه‌تی، وا تێده‌گا که شیاوی زانست و ته‌کنۆلۆژیای سه‌رده‌م نییه.ئه‌مه خۆی له خۆیدا کاره‌ساتێکی زۆر گه‌وره‌یه که ئه‌و منداڵه تووشی قه‌یرانی ناسنامه ده‌کات و زه‌برێکی کوشنده‌یه بۆ سه‌ر ڕۆح و ڕه‌وانی ئه‌و.
کاتێ ئه‌و منداڵه گه‌وره ده‌بێ که‌م بایه‌خیی زمانی دایکی ده‌توانێ ببێته هۆی درزێکی گه‌وره و قووڵی سۆزداری له نێوان بنه‌ماڵه و کۆمه‌ڵگا و خۆیدا ،ئاکام ده‌بێته تاکێکی له خۆ نامۆ و بێگانه له خۆ و فه‌رهه‌نگ و زمانه‌که‌ی.
خوێنه‌ری به‌ڕێز،له کۆتاییدا یه‌که‌م: تکام له مامۆستایانی به‌ڕێز ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر بڕوایان به گرنگیی زمانی دایک له سه‌ر منداڵان هه‌یه تا ئه‌و جێگایه‌ی بۆیان ده‌کرێ له پۆله‌کانیاندا زمانی خۆیان له بیر نه‌که‌ن،قه‌ت به‌م وتاره‌ش که من نووسیومه قانع نه‌بن و خۆیان بچن چه‌ند کتێبی زانستی و بابه‌تگه‌لێکی‌تر له‌م بواره‌دا بخوێننه‌وه تا بڕوا به قسه‌کانم بێنن.
دووهه‌م:تکام له باوک و دایکانی خۆشه‌ویست ئه‌وه‌یه،چه‌نده جگه‌رگۆشه‌کانیان خۆش ده‌وێ ئه‌وه‌نده‌ش له خه‌می زمانه‌که‌ماندا بن، با زمانی کوردی نه‌فه‌وتێ.ئه‌م زمانه میراتی باب و باپیرانمانه، به هه‌زاران چه‌رمه‌سه‌ری و به‌دبه‌ختی له ژێر باری قورسی ته‌وژم و کاره‌ساته‌کانی مێژوودا خۆی گه‌یاندۆته ئه‌م سه‌رده‌مه.
سه‌ره‌تا ناوی جوانی کوردی بۆ جگه‌رگۆشه‌کانمان هه‌ڵبژێرین، پاشان له گه‌ڵیان به کوردی قسه بکه‌ین. پێتان وانه‌بێ من شۆڤینیستم و ڕقم له زمانانی دیکه‌یه،نا به خودا وا نییه هه‌ر که‌س به زمان و فه‌رهه‌نگی خۆیه‌وه جوانه.ده‌زانم زۆربه‌ی دایکان و باوکانی به‌ڕێز ڕه‌نگه له به‌ر نه‌زانین بێ یان بڵێن خۆ ئه‌وه‌نده گرنگ نییه با منداڵه‌که‌مان به زمانێکی دیکه قسه‌ر بکا ئاسمان ناڕووخێ،نا قه‌ت وابیر نه‌که‌ینه‌وه،بیر له داهاتوو بکه‌ینه‌وه که ئه‌م وشه کوردییه جوانانه ئیتر له ناو ده‌چن و ده‌فه‌وتێن.بیر له‌وه بکه‌ینه‌وه که خه‌ریکین خۆمان به‌ده‌ستی خۆمان زمانه‌که‌مان ده‌فه‌وتێنین،زمانیش کۆڵه‌که‌ی مانه‌وه‌ی میلله‌تێکه.
ئاخۆ بیرمان کردۆته‌وه خۆشتر و گه‌رموگوڕتر له وشه‌ی خاڵۆ،مامه،دایه و...وشه‌یه‌ک هه‌یه؟! بۆ زمانه‌که‌مان لامان بێ‌نرخ و هیچه ؟!بۆ شانازی به زمان و فه‌رهه‌نگێکی دیکه‌وه ده‌که‌ین؟ ئایا ئه‌مه خۆبه‌که‌مزانین یا هه‌ر شتێ که ئێوه ناوی لێ ده‌نێن نییه؟!!
له‌تیف سوڵتانی