کۆکردنه‌وه:له‌تیف سوڵتانی
letifkurd@gmail.com
زوڵم و زۆری له ڕاده‌به‌ده‌ری ڕژێمی پاڵه‌وی به تایبه‌ت ڕه‌زاشا له کوردستان له لایه‌ک و زوڵم و تاڵان و ده‌ست‌درێژی ده‌ست و پێوه‌ندییه‌کانی حکوومه‌ت و هه‌ندێ خان و ده‌ره‌به‌گه‌کانی ناوچه‌که به سه‌ر ماڵ و نامووسی خه‌ڵکی هه‌ژار و بێ‌ده‌سه‌ڵات‌دا له لایه‌ک،هه‌ندێ جار ده‌گه‌یشته جێگایه‌ک که خه‌ڵک وه‌زاڵه ده‌هاتن و دژ به‌م زوڵم و زۆرانه شۆرش و سه‌رهه‌ڵدانێک به ڕێبه‌رایه‌تی که‌سێک ده‌هاته ئاراوه.سه‌یید عه‌تاش یه‌کێک له‌و شێره‌کوڕه ئازایانه بووه که قه‌ت نه‌چۆته ژێر باری زوڵم و سته‌می خان و ده‌ره‌به‌گه‌کان و سه‌ری بۆ حکوومه‌ت دانه‌نواندووه و به ڕێک‌خستنی سه‌رهه‌ڵدانێک دژ به زوڵم و سیستمی گه‌نده‌ڵی ڕژێمی ڕه‌زاشا ڕاوه‌ستاوه.
به داخه‌وه له لایه‌ن هه‌ندێ قه‌ڵه‌م‌به‌مزده‌وه ئاگایانه یان نائاگایانه به مه‌به‌ستی ڕووخان و به‌دناوکردنی که‌سانێک وه‌کوو سه‌ییدعه‌تا و سمکۆ و شێخ عوبه‌یدوڵلا و.... به چه‌ته و ئاژاوه‌گێڕ و فیتنه‌گێڕ ناسێندراون، به‌ڵام کورد گوته‌نی ده‌ریا به ده‌می سه‌گ پیس نابێ و ئه‌وانیش هه‌ر ده‌بێ به مانگ بوه‌ڕن.شایانی وتنه ژیان و خه‌باتی سه‌یید عه‌تا له لایه‌ن مامۆستای کۆچکردوو عه‌بباس که‌مه‌ندییه‌وه هاتۆته نووسین، به‌ڵام به داخه‌وه هێشتا له چاپ نه‌دراوه ده‌نا له‌م تۆژینه‌وه‌یه‌م دا ده‌متوانی که‌ڵکی باشی لێ وه‌ربگرم؛ئێمه ته‌نانه‌ت ساڵی له دایک بوونیشی نازانین.وه به هۆی که‌م بوونی سه‌رچاوه له سه‌ر ژیانی ئه‌م که‌ڵه‌پیاوه من ته‌نیا که‌ڵکم له دوو سه‌رچاوه وه‌رگرتووه که له کۆتایی دا ئاماژ‌م پێیان کردووه.
سه‌یید عه‌تا که‌ل(که گوایه یه‌کێ له لێوه‌کانی شه‌ق یا که‌ل بووه) کوڕی سه‌یید سه‌عاده‌ددین له سه‌ییده‌کانی باینچۆیه؛سه‌یید عه‌تا له گوندی قه‌ڵاته‌ڕه‌شکه‌ی سه‌ر به شاری دیوانده‌ره له دایک بووه،هێشتا منداڵ بووه که باوکی کۆچی دوایی کردووه،سه‌ی عه‌تا تۆزقاڵێک زه‌وی و مڵکی له گوندی قه‌ڵاته‌ڕه‌شکه‌دا هه‌بووه که یه‌کێک له خانه‌کانی ناوچه به ناوی خه‌سره‌وخان به زۆر مڵکه‌که‌ی لێ داگیر ده‌کات.
سه‌ی عه‌تاش ناچار له تۆڵه‌ی داگیرکردنی مڵکه‌که‌ی به‌شێک له مه‌ڕوماڵاتی خه‌سره‌وخان تاڵان ده‌کات و به‌ره‌و شاری سنه هه‌ڵدێت و ده‌چێته لای حاجی موعته‌مه‌د - یه‌کێک له خانه ده‌ست‌ڕۆیشتووه‌کانی شاری سنه - شکایه‌ت له خه‌سره‌وخان ده‌کات و پێشنیار ده‌کات که ئه‌گه‌ر خه‌سره‌وخان مڵکه‌که‌م بداته‌وه منیش حازرم مه‌ڕوماڵاته‌که‌ی بده‌مه‌وه.
به‌ڵام حاجی موعته‌مه‌د کارێکی وا به‌که‌ڵکی بۆ ناکات،سه‌یید عه‌تاش به ناچاری بارگه و بنه‌ی ئاواره‌یی خۆی ده‌نێته کۆڵ و به‌ره‌و لای ده‌سه‌ڵاتی مه‌حموودخانی کانی‌سانان ده‌که‌وێته ڕێ. پاش ئه‌وه‌ی ده‌چێته لای مه‌حموودخان و به‌سه‌رهاتی خۆی بۆ مه‌حموود خان ده‌گێڕێته‌وه،مه‌حموودخان ده‌ست به جێ سه‌ی عه‌تا ده‌کاته چه‌کداری خۆی و به‌رپرسیاره‌تی پاسگای گوندی سێوه‌ڕێ ناوچه‌ی کۆماسی مه‌ریوانی پێ ده‌سپێرێت. تا کاتی به‌ندکرانی مه‌حموود خان و فه‌ره‌ج‌خانی برای له لایه‌ن حکوومه‌تی ڕه‌زاشاوه به‌رپرسیاره‌تی خۆی به ڕێک‌وپێکی به‌ڕێوه بردووه.
به‌لام کاتێ سه‌ییدعه‌تا هه‌واڵی گرتنی مه‌حموودخانی پێ ده‌گا خێرا بۆ به‌رگری له ماڵ و نامووسی بنه‌ماڵه‌که‌یان خۆی گه‌یاندۆیه ده‌وروبه‌ری ماڵی مه‌حموود خان تا له کاتی هێرش و په‌لاماری هێزه به‌کرێ‌گیراوه‌کانی حکوومه‌تی ناوه‌ندیدا پارێزگاری‌یان لێ بکات.له کاتی ئه‌رکی پارێزگاری له بنه‌ماڵه‌ی مه‌حموودخاندا له گه‌ڵ جه‌لال ناوێک که پیاوی حاجی موعته‌مه‌د بووه تووشی شه‌ڕ و تێک‌هه‌ڵچوون ده‌بن،که ئه‌فسه‌رێکی حکوومه‌تیش یارمه‌تی جه‌لال ده‌دات که بده‌ن له سه‌ی عه‌تا.
به‌ڵام سه‌ی عه‌تا لێیان دێته ده‌ست و هه‌ر دووکیان ده‌کوژێت و به‌ره‌و وڵاتی عێراق هه‌ڵدێت،پاش ئه‌م ڕووداوه هه‌واڵی سه‌رپێچی و یاخی بوونی سه‌یید عه‌تا گه‌یشته گوێ هه‌موو خه‌ڵکی ناوچه‌کانی کوردستان و کاربه‌ده‌ستانی حکوومه‌تی ناوه‌ندییش به ته‌واوی تووشی نگه‌رانی و ترس بوون.
هۆی نیگه‌رانی کاربه‌ده‌ستانی حکوومه‌ت زیاتر له‌وه‌دا به‌دی ده‌کرا که پاش دامرکاندنی شه‌ڕی چه‌کدارانه‌ی مه‌حموودخانی کانی‌سانان، هه‌ڵاتن و یاخی بوونی سه‌ی عه‌تا قۆناغێکی دیکه‌ی بۆ شه‌ڕی چه‌کداری دژ به حکوومه‌ت له ناوچه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا خۆش ده‌کرد.چونکه سه‌ی عه‌تا پاش جێگیر بوونی له وڵاتی عێراق پۆل‌پۆل هه‌ڵاتووه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانی له ده‌وری خۆی کۆ ده‌کرده‌وه و بووبووه بنکه‌یه‌کی وه‌رگرتنی ئه‌و که‌سانه‌ی وا له ده‌ستی زوڵم و زۆری ژاندارم و خانه‌کانی ڕه‌زاشا له کوردستان ڕێگای هه‌ڵاتنیان ده‌گرته پێش.
به‌م شێوه‌یه سه‌یید عه‌تا توانی له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا هێزێکی چه‌کداری چالاک و لێهاتوو له کورده ئاواره‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان پێکه‌وه بنێ و بوو به کۆسپێکی گه‌وره بۆ کاربه‌ده‌ستانی حکوومه‌تی ڕه‌زاخان له کوردستان.
هه‌ر له‌و کات و سه‌رده‌مه‌دا که سه‌یید عه‌تا له حکوومه‌ت یاخی بووه و بۆته خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی هێزی چه‌کداریی،حه‌مه‌تاڵی بانه‌ش وه‌ک سه‌یید عه‌تا له ده‌سه‌ڵات یاخی بووه.ئه‌م دووانه واته سه‌ی عه‌تا و حه‌مه‌تاڵ سه‌ره‌تا وه‌کوو دوو هاوڕێ یه‌کتریان خۆش‌ویستووه و کاتێک له عێراق پێکه‌وه ده‌بن په‌یمانیان به یه‌کتر داوه که ناوچه‌کانی بانه و سه‌قز و سه‌رده‌شت و بۆکان هه‌مووی بۆ حه‌مه‌تاڵ بێت و له ژێر ده‌سه‌ڵاتیدا بێ و ناوچه‌کانی مه‌ریوان و سنه و بیجار و دیوانده‌ره‌ش بۆ سه‌یید عه‌تا بێت.
و په‌یمان ده‌ده‌ن که ده‌سته و تاقمی هیچ لایه‌کیان هێرش و ده‌سدرێژی نه‌که‌نه سه‌ر ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌کتر،تا ساڵی 1314ی هه‌تاوی ئه‌م په‌یمانه به‌ڕێوه ده‌چێ،به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌ک له لایه‌ن حه‌مه‌تاڵه‌وه ده‌شکێت؛له ساڵی 1314ی هه‌تاوی چه‌کداره‌کانی حه‌مه‌تاڵی بانه شه‌رت و په‌یمانی خۆیان ده‌شکێنن،بۆ وێنه هێرش ده‌که‌نه سه‌ر گوندی هه‌نجیرانی ناوچه‌ی مه‌ریوان و هه‌موو مه‌ڕ و ماڵاتی خه‌ڵکی ئه‌و گونده به تاڵان ده‌به‌ن.
خه‌ڵکی گوندی هه‌نجیرانیش که زۆربه‌یان سه‌یید بوون و خۆیان به خزمی سه‌یید عه‌تا ده‌زانی،هاوار ده‌به‌نه لای سه‌ی عه‌تا که ئاژه‌ڵه‌کانیان له حه‌مه‌تاڵ بۆ وه‌ربگرێته‌وه.
سه‌یید عه‌تاش پاش بیستنی ئه‌م هه‌واڵه،له گه‌ڵ بله‌خه‌زانی هاوڕێ ده‌چێت بۆ لای حه‌مه تاڵ و پێ‌ده‌ڵێ کاک حه‌مه مه‌گه‌ر ئێمه په‌یمانمان به یه‌کتر نه‌داوه ده‌سدرێژی نه‌که‌ینه سه‌ر ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌کتر؟
ئێستا تۆ بۆچی شه‌رت و په‌یمانی هاوڕێیه‌تی ده‌شکێنی و هێرشت کردۆته سه‌ر گوندی هه‌نجیران و تاڵانت کردووه؟
وه‌ره برایانه تکات لێ ده‌که‌م ئاژه‌ڵه‌کانیان پێ بده‌ره‌وه هه‌موو خه‌ڵکی ئه‌م گونده خزمی منن.حه‌مه‌تاڵ له وه‌ڵامدا به گاڵته ده‌ڵێت کاک عه‌تا چییه باوڕێ هاتوویت سه‌رانه‌مان لێ بستێنیت،من تا ئێستا سه‌رانه‌م به که‌س نه‌داوه خێرا بگه‌ڕێوه؛ زۆریش قسه بکه‌یت ده‌تکه‌م به قۆناغه خنجێره‌که‌ما و تا بانه دات نانێم.
سه‌ی عه‌تا له‌م سووکایه‌تییه‌ی حه‌مه‌تاڵ زۆر تووڕه ده‌بێ، بۆیه به‌ره‌نگاری ده‌بێت و باوه‌ش ده‌کات به حه‌مه‌تاڵدا بیدات به عه‌رزدا به‌ڵام چونکه حه‌مه‌تاڵ له سه‌ی عه‌تا به‌هێزتر و که‌ڵه‌گه‌تتر بووه سه‌ی عه‌تا چاری ناکات و حه‌مه‌تاڵ سه‌ی عه‌تا ده‌دات به عه‌رزا و خنجێری له کالان ده‌ردێنێت که بیکوژێ.
سه‌ی عه‌تا هاوار ده‌کات ئه‌رێ کاک برایم ئه‌وه سه‌یری چی ده‌که‌ی خۆ حه‌مه‌تاڵ خه‌ریکه ده‌مکوژێت،بله‌خه‌زانیش خێرا ده‌ست ده‌داته چه‌ک و حه‌مه‌تاڵی بانه ده‌کوژێت.به‌کوشتنی حه‌مه‌تاڵ له گه‌ڵ هاوڕێیکانی حه‌مه‌تاڵدا ده‌ست ده‌که‌ن به شه‌ڕی ده‌سته‌و یه‌قه و مان و نه‌مان،له‌و تێک‌هه‌ڵچوونه خوێناوییه‌دا 12 که‌س له هاوبیره‌کانی حه‌مه‌تاڵ کوژراوه(1).
پیلانی حکوومه‌تی ڕه‌زاخان بۆ له دا‌و خستنی سه‌ییدعه‌تا
پاش کوژرانی حه‌مه‌تاڵی بانه له ساڵی 1314ی هه‌تاوی به ده‌ستی سه‌یید عه‌تا و بله‌خه‌زان،کاربه‌ده‌ستانی حکوومه‌تی ڕه‌زاخان وه‌کوو سه‌رله‌شکر مه‌یمه‌ندی که‌وته په‌له‌قاژه و گه‌ڵاڵه‌دارشتن تا له‌و هه‌ل‌ومه‌رجه که بۆ سه‌یید عه‌تا و هاوڕێکانی پێش هاتبوو به ڕێک‌وپێکی که‌ڵک وه‌ربگرێت و پیلانه‌کانی خۆی به جوانی جێ‌به‌جێ بکات.
سه‌ره‌تا بۆ ئه‌م مه‌به‌سته بیروڕای سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کانی هۆزی گه‌ڵواخی بۆ لای خۆی ڕاکێشا؛بۆ وێنه پاش هێرشێکی کورت بۆ سه‌ر گه‌ڵواخییه‌کانی ناوچه‌ی ساراڵ له سه‌ره‌تای به‌هاری 1315ی هه‌تاوی و تێک‌شکانی هێزه‌کانی حکوومه‌ت به ده‌ست گه‌ڵواخییه‌کان له نێوان ئاواییه‌کانی هه‌زارکانیان و گیزمل،سه‌رله‌شکر مه‌یمه‌ندی به فێڵبازی نوێنه‌ری خۆی ده‌نێرێته نێو عه‌شایره‌کانی هۆزی گه‌ڵواخی که هانیان بدا هاوکاریی حکوومه‌ت بکه‌ن و ئیئتر واز له شه‌ڕ و به‌ربه‌ره‌کانێ له گه‌ڵ حکوومه‌تدا بێنن تا حکوومه‌تیش هێرش نه‌کاته سه‌ریان و ئه‌وانیش بێ‌خه‌م له ناوچه‌کانی خۆیاندا بژین.
سه‌رۆک عه‌شێره‌ته‌کانی هۆی گه‌ڵواخییش بێ هێچ جۆره بیر و وردبوونه‌وه‌یه‌ک سه‌ری کڕنووشیان بۆ پێشنیاره‌که‌ی سه‌رله‌شکر مه‌یمه‌ندی داناوه‌و پاش ئه‌و بیروڕایه متمانه‌ی گه‌ڵواخییه‌کانی بۆ لای ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی ڕاکێشاوه بۆیه له مانگی جۆزه‌ردانی 1315ی هه‌تاوی کاتێک سه‌یید عه‌تا و هاوڕێکانی گه‌ڕانه‌وه ناوچه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و له کێوی شاجۆی باینچۆ و ئه‌فراسیاودا بۆ پشوودانێکی کورت له‌و کێوه مابوونه‌وه،سه‌رله‌شکر مه‌یمه‌ندی مه‌لا مه‌حموودی موفتی و حاجی سه‌یید جه‌لالی که‌مێزی کرده نوێنه‌ری خۆی بۆ وتوو‌وێژ کردن له گه‌ڵ سه‌یید عه‌تا و هاوبیره‌کانی تا له‌و ڕێگایه‌وه بیانهێنێته سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه که ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی به دڵ و گیان ئاماده‌یه بۆ چاره‌سه‌ر کردنی کێشه‌ی چه‌کداره‌کانی کوردستان به تایبه‌ت کێشه‌ی شه‌ڕی چه‌کداریی هۆزی گه‌ڵواخی و سه‌یید عه‌تاکه‌ل و هاوڕێکانی.
بۆ جێ‌به‌جێ کردنی ئه‌م مه‌به‌سته سه‌ره‌تا مه‌لامه‌حموودی موفتی و حاجی سه‌ییدجه‌لالی که‌مێزی به شاره‌زایی ئه‌بووسه‌عید له سه‌ر جێها و شوێنی سه‌یید عه‌تا وتوو‌وێژ و چاوپێکه‌وتنیان له کێوی شاجۆ دا ده‌ست پێ‌کرد و هه‌موو داخواز و پێشنیاره‌کانی سه‌ییدیان نووسی و بردیان بۆ سه‌رله‌شکر مه‌یمه‌ندی.
یه‌کێک له داخوازییه‌کانی سه‌ییدعه‌تا ئه‌وه بوو که حوکمی لێخۆشبوو‌ن له لایه‌ن شای ئێرانه‌وه بۆ بێنن و پاشانیش وه‌ک ره‌ئیس پاسگایه‌ک دیاری بکرێت و ئه‌رک و به‌رپرسیاره‌تی ناوچه‌کانی له لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندییه‌وه به ته‌واوی پێ بسپێردرێت.
پاش ئه‌م چاوپێکه‌وتنه مه‌لا مه‌حموود و سه‌یید جه‌لال گه‌ڕانه‌وه و هه‌موو پێشنیاره‌کانی سه‌ییدیان دا به سه‌رله‌شکر مه‌یمه‌ندی،که له وه‌ڵام دا ده‌ڵێت من ده‌بێ هه‌موو ئه‌مانه بده‌م به تاران و وه‌ڵامی وه‌ربگرمه‌وه جا ئه‌و کاته وه‌ڵامتان پێ ده‌ده‌مه‌وه.پاش تێپه‌ڕ بوونی چه‌ند ڕۆژێک دووباره سه‌رله‌شکر مه‌یمه‌ندی و مه‌لامه‌حموودی موفتی و حاجی سه‌یید جه‌لالی به کۆمه‌ڵێک پێشنیاری ڕه‌نگاوڕه‌نگی تازه‌وه هه‌نارده‌وه بۆ لای سه‌یید عه‌تا و هاواڵه‌کانی.
کاتێک نوێنه‌رانی سه‌رله‌شکر گه‌یشتنه‌وه لای سه‌یید عه‌تا خولی دووهه‌می چاوپێکه‌وتنه‌که هه‌روه‌کوو خولی یه‌که‌م ده‌ستی پێ‌کرد و هه‌موو پێشنیاره‌کانی سه‌رله‌شکری بۆ سه‌یید عه‌تا شی کرده‌وه و سه‌یید عه‌تاش چه‌ند خاڵ و پێشنیاری تازه‌ی بۆ سه‌رله‌شکر و ده‌وڵه‌تی ئێران دیاری کرد.
نوێنه‌ران پاش ته‌واو بوونی وتوووێژه‌که به‌ره‌و شاری سنه گه‌ڕانه‌وه.پاشان داخوازه‌کانی سه‌ییدیان به وردی بۆ سه‌رله‌شکر شی کرده‌وه سه‌رله‌شکریش دووباره له وه‌لامدا ده‌ڵێت من ده‌بێ هه‌موو ئه‌مانه له گه‌ڵ ئه‌علاحه‌زره‌ت دا بێنمه ئاراوه که له ڕاستیدا مه‌به‌ستی کات سه‌ندن و به‌ڵێنی درۆ بوو تا له ده‌رفه‌تێکی گونجاو‌دا هێرشیان کاته سه‌ر.
پێش ئه‌وه‌ی نوێنه‌رانی سه‌رله‌شکر بۆ خولی سێهه‌م بگه‌ڕێنه‌وه لای سه‌یید عه‌تا،سه‌یید عه‌تا له خه‌وندا شێخ ئه‌حمه‌دی باینچۆ ده‌بینێ و شێخ پێی ده‌ڵێی حکوومه‌تی ئێران له گه‌ڵت درۆ ده‌کات ،ئاگاداری خۆت به نه‌که‌ویته داویان.سێ ڕۆژ پاش دیتنی ئه‌م خه‌ونه دووباره سه‌رله‌شکر بۆ جاری سێهه‌م نوێنه‌رانی خۆی بۆ کوچک چه‌رمۆ به‌ڕێ ده‌کاته‌وه،تا سه‌یید عه‌تا له دونیای بێ‌خه‌یاڵیدا بهێڵێته‌وه و له کاتێکی گونجاو‌دا هه‌موویان به دیل بگرێت .
به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و خه‌ونه‌ی سه‌رله‌شکر پێش هاتنی نوێنه‌ران بۆ لای سه‌یید عه‌تا، ئه‌و به‌ڕێک‌وپێکی له مه‌به‌سته فڕوفێڵاوییکه‌ی سه‌رله‌شکر مه‌یمه‌ندی ئاگادار کرابوو.بۆ وێنه کاتێک مه‌لا موحموودی موفتی و حاجی سه‌یید جه‌لال گه‌ڕانه‌وه لای سه‌یید عه‌تا و پێشنیاره‌کانی خۆیان بۆ سه‌یید شی کرده‌وه سه‌یید عه‌تا له وه‌لامیاندا ده‌ڵێت:ئاغای موفتی و حاجی سه‌یید جه‌لال من باش له مه‌به‌ستی کاربه‌ده‌ستانی حکوومه‌ت به تایبه‌ت سه‌رله‌شکر تێگه‌یشتووم.
و وه‌ک ڕۆژ له پێش چاوم ڕوونه مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌تی ئێران ته‌نیا ئه‌وه‌یه من به دیل بگرێت و بمکوژێت و هه‌موو ئه‌و پێشنیارانه فڕوفێڵی له دا‌و خستنه،تکاتان لێ ده‌که‌م ئیتر زه‌حمه‌ت مه‌کێشن و مه‌یێن بۆ ئێره ئه‌وه‌ش باش بزانن ئێوه نه‌گه‌ڕێنه‌وه شاری سنه حکوومه‌ت به هه‌موو هێزیکیه‌وه هێرشتان ده‌کاته سه‌ر.
به‌لام پێش ئه‌وه‌ی بگه‌رێنه‌وه تکاتان لێ ده‌که‌م ئه‌م نیوه‌ڕۆیه بۆ ناهار میوانی من بن گۆشتی بزنه کێویمان هه‌یه که ئه‌م هاوڕێیانه کوشتوویانه و نانه‌که‌شمان خزمه‌کانی باینچۆ بۆمانیان هێناوه.زوڵم و زۆرمان له که‌س نه‌کردووه تا بڵێین حه‌رامه.
پاش خوارنی نانی نیوه‌ڕۆ ئه‌و ڕۆژه به‌ره‌و شاری سنه گه‌ڕانه‌وه،به‌ڵام بێ ئه‌وه‌ی ئاگایان له خۆیان بووبێت،حکوومه‌تی ناوه‌ندی به سه‌رکردایه‌تی سه‌رله‌شکر مه‌یمه‌ندی که له هێزێکی زۆره‌وه پێک هاتبوو له هێزی نیزامی شاره‌کانی کرماشان،هه‌مه‌دان،سنه،دیوانده‌ره و سه‌قز و هۆزه عه‌شایره‌کانی گه‌ڵواخی،مه‌نمی و چه‌ند هۆز و تیره‌ی دیکه هاتوونه‌ته گوندی حسێن‌ئاوا و گونده‌کانی ده‌وروبه‌ری به نیازی هێرش کردن و گه‌مارۆ دانی حه‌سارگه‌ی سه‌یید عه‌تا و هاوڕێکانی.
کاتێک ئاگای موفتی و حاجی سه‌یید جه‌لال له لای سه‌یید عه‌تا گه‌ڕانه‌وه شاری سنه،له گوندی حسێن‌ئاوا به فه‌رمانی سه‌رله‌شکر،مه‌لا مه‌حموودی موفتی و حاجی سه‌یید جه‌لالیان گرت و به‌ره‌و به‌ندیخانه‌ی له‌شکری شاری سنه به‌ڕێیان خستن و ئه‌بووسه‌عیدیشیان گرت بۆ شاره‌زایی خۆیان له سه‌ر جێگای شوێنی مانه‌وه‌ی سه‌یید عه‌تا و هاوڕێکانی.
به‌ره به‌ره تا سه‌ر له‌ئێواره‌ی ئه‌و ڕۆژه هه‌موو هێزه کۆکراوه‌کان گه‌یشتنه شوێنه دیاری کراوه‌کان و ئاماده بوون بۆ فه‌رمانی هێرش کردن.کات شه‌وه‌زه‌نگ هێزه‌کانی حکوومه‌ت له هه‌موو قۆڵێکه‌وه به‌ره‌وه به‌رزاییه‌کانی کێوی شاجۆ و سه‌خناخی باینچۆ که‌وتنه ڕێ،به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی بچنه سه‌ر به‌رزاییه‌کان و ده‌ستیان بگاته حه‌شارگه‌ی سه‌یید عه‌تا،ئه‌وان به زانیارییه‌کی که‌م‌وێنه‌وه هه‌موو به‌رزاییه‌کانیان سه‌نگه‌ر به‌ندی کردبوو و به ئیمانێکی پۆڵایینه‌وه خۆیان بۆ شه‌ڕ ئاماده کردبوو.
کاتی به‌ره‌به‌یان په‌لاماری هێزه‌کانی حکوومه‌ت بۆ سه‌ر سه‌یید عه‌تا و هاوڕێکانی که ژماره‌یان ته‌نیا 66 که‌س بوون ده‌ستی پێ‌کرد،به‌ڵام هێشتا 200 میتر له سه‌نگه‌ره‌کانی خۆیان دوور نه‌که‌وتبوونه‌وه که له هه‌موو لایه‌که‌وه درانه به‌ر ڕه‌هێڵه‌ی ده‌ستڕێژی چه‌کداره‌کانی سه‌یید عه‌تا و هه‌موویان تێک‌شکێنران و پاشه‌کشه‌یان کرد.
به‌ڵام به‌و تێک‌شکانه‌ش وازیان نه‌هێنا و دووباره هێزه‌کانی خۆیانیان سه‌ر له نوێ سازمان دایه‌وه و په‌یتا په‌یتا هێرشی به‌ربڵاویان کردۆته سه‌ر سه‌نگه‌ره‌کانی سه‌یید عه‌تا و هاوڕێکانی و هه‌موو جارێک به دانی ژماره‌یه‌ک کوژراو و بریندار مه‌یدانی شه‌ڕه‌که‌یان چۆڵ کردووه.
له ماوه‌ی ئه‌و ڕۆژه‌دا ده‌یان جار هێزه کۆکراوه‌کانی حکوومه‌تی ناوه‌ندی هێرش و په‌لاماریان بردووه بۆ سه‌ر سه‌نگه‌ری چه‌کداره‌کانی سه‌یید عه‌تا و مه‌جید عه‌مه‌ر و بله‌خه‌زان به‌ڵام هه‌موو جارێک تێک‌شکێنراوه و پاشه‌کشه‌یان پێ کراوه که به وته‌ی وێژه‌رانی ئه‌م به‌سه‌رهاته- سه‌یید محه‌مه‌د ئه‌حمه‌دی باینچۆ- له‌و هێرش و په‌لاماره‌دا زیاتر له 70 که‌س له هێزه‌کانی حکوومه‌ت کوژراوه.ئێستاش گۆڕستانی ژماره‌یه‌کی زۆر له کوژراوه‌کانی ئه‌و په‌لاماره له سه‌ر به‌رزاییه‌کانی کێوی شاجۆدا ده‌بینرێ.
به وته‌ی به‌شدارانی ئه‌و شه‌ڕه مه‌جید عه‌مه‌ر ئه‌و ڕۆژه ئه‌وه‌نده قاره‌مانه‌تی نواندووه که هه‌ستاوه‌ته سه‌ر پێی شه‌ڕی کردوه،سه‌یید عه‌تا لێی تووڕه بووه و پێی وتووه ئه‌رێ مه‌جیدعه‌مه‌ر مه‌گه‌ر خوا ئه‌م خه‌ڵکه‌ی بۆ تۆ دروست کردووه بیانکوژیت؟کاکه تۆزێ ده‌ست بپارێزه،به‌ڵام مه‌جیدعه‌مه‌ر هیچ کاتێک له شه‌ڕ دا وره‌ی خۆی له ده‌ست نه‌داوه،چونکه مه‌به‌ستی ته‌نیا سه‌رکه‌وتن له به‌رانبه‌ر هێزی دوژمن دا بووه.
بۆیه له هه‌موو شه‌ڕه‌کاندا سه‌رکه‌وتنی به‌رچاوی به‌ده‌ست هێناوه،به هۆی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌وه بووه که سه‌یید عه‌تا زۆر خۆشی ویستووه و خه‌نجه‌ره به‌نرخه‌که‌ی حه‌مه‌تاڵی به خه‌ڵات پێ به‌خشیوه،هۆی سه‌رکه‌وتنی سه‌یید عه‌تا و هاوڕێیانی له شه‌ڕی کێوی شاجۆ و سه‌خناخی باینچۆ دا له خۆبردوویی مه‌جید عه‌مه‌ر و بله‌خه‌زان و مه‌جید بووچکه‌ل و یه‌کدڵی و یه‌کڕه‌نگی هاوڕێیکانی دیکه‌یان بووه.
سه‌یید عه‌تاش له به‌ڕێوه‌بردن و گه‌ڵاڵه‌ی چۆنیه‌تی عه‌مه‌لیاته‌که‌دا زۆر لێزان و شاره‌زا بووه،بۆیه پاش 24 کاتژمێر شه‌ڕ و به‌ربه‌ره‌کانێ توانیان ئاڵقه‌ی گه‌مارۆی هێزه په‌لامارده‌ره‌کانی حکوومه‌تی ناوه‌ندی به ته‌واوی تێک بشکێنن و هه‌موویان به سڵامه‌تی و سه‌ربه‌رزانه شوێنی شه‌ڕه‌که چۆڵ بکه‌ن و هه‌موو پیلانه له پێش دارێژراوه‌کانی سه‌رله‌شکرمه‌یمه‌ندی و حکوومه‌ت بکه‌نه بڵقی سه‌ر ئاو.
ده‌سکه‌وتی حکوومه‌تی ناوه‌ندی له‌و هێرشه گه‌وره‌یه ته‌نیا بوو به که‌لاکی ئه‌سپه‌که‌ی مه‌جیدعه‌مه‌ر که به هۆی ڕقایه‌تی پێشتره‌وه له لایه‌ن یه‌کێک له خاڵۆکانی خۆیه‌وه له‌و شه‌ڕه ئه‌سپه‌که‌ی مه‌جیدعه‌مه‌ر ئه‌کوژرێت و تا ڕۆژێک پاش ته‌واو بوونی شه‌ڕه‌که‌ش هێزه‌کانی حکوومه‌ت به هیچ شێوه‌یه‌ک نه‌یانوێراوه بچنه سه‌ر سه‌نگه‌ره چۆڵ‌کراوه‌کان و ته‌رمی کوژراوه‌کانی خۆیان کۆکه‌نه‌وه.
ڕۆژێک پاش کۆتایی هاتنی شه‌ڕه‌که له لایه‌ن خه‌ڵکی گونده‌کانه‌وه هێزه‌کانی حکوومه‌ت ئاگادار کران که سه‌یید عه‌تا و هاوڕێیه چه‌کداره‌کانی شوێنی شه‌ڕه‌که‌یان به ته‌واوی چۆڵ کردووه،که ئه‌و کاته هێزه‌کانی حکوومه‌تی ڕه‌زاخان به یارمه‌تی خه‌ڵکی گونده‌کانی ناوچه که‌وتۆته جه‌ماوه‌ری کردنی ته‌رمی کوژراوه‌کانی ئه‌و په‌لاماره تێک‌شکاوه‌ی خۆیان و سه‌یید عه‌تا و مه‌جیدعه‌مه‌ر و حه‌مه‌مورادی برای و بله‌خه‌زان و مه‌جیدبووچکه‌ل و سه‌رجه‌م هاوڕێیکانیان که ژماره‌یان 66 که‌س بوون پاش ته‌واو بوونی شه‌ڕه‌که،له تاریکی شه‌و که‌ڵکیان وه‌رگرتووه و شوێنی شه‌ڕه‌که‌یان به جێ هێشتووه که بۆ به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی دوایی خۆیان گه‌یاندۆته کێوه‌کانی گه‌ڕووسی ناوچه‌ی بیجاڕ و تا کاتی هاتنی سه‌رما و سۆڵه‌ی وه‌رزی پایز درێژه‌یان به گه‌شتی نیزامی خۆیان له ناوچه‌که داوه.
به‌ڵام به هاتنی سه‌رمای پایز دووباره وه‌کوو ساڵانی رابردوو گه‌رونه‌ته‌وه باشووری کوردستان و تا کاتی وه‌رزی به‌هار درێژه‌یان به ژیانی خۆیان داوه.ئێستاش له زۆربه‌ی کێوه به‌رزه‌کانی ناوچه‌کانی مه‌ریوان و ساراڵ و که‌ڵاته‌رزان و ناوچه‌ی گه‌ڕووس ئاسه‌واری سه‌نگه‌ری سه‌یید عه‌تا ده‌بینرێ و به سه‌نگه‌ری سه‌یید عه‌تا ده‌ناسرێ.
...............................................................................
*پانووس
(1)خالد ئه‌حمه‌دی نووسه‌ری کتێبی فه‌رمانڕه‌وایی گه‌ڵواخییه‌کان ده‌ڵێ:کاک سه‌یید ئه‌حمه‌د ناسراو به ئه‌حمه‌د سه‌یید نادر که دانیشتووی شاری که‌رکووکه له چاوپێکه‌وتنێکدا ده‌ڵێ:حه‌مه‌تاڵ له پێشدا چه‌کداری سه‌ییدعه‌تا بووه،له تێکهه‌ڵچوونێکدا له گه‌ڵ هێزه‌کانی حکوومه‌ت چه‌ند چه‌کدارێکی حکوومه‌ت به دیل ده‌گرن و سه‌یید عه‌تا دیله‌کان ده‌دا به حه‌مه‌تاڵ بیانگوێزێته‌وه بۆ جێگایه‌کی دیکه،به‌ڵام حه‌مه‌تاڵ له ڕێگادا هه‌موو دیله‌کان ده‌کوژێت،کاتێک سه‌یید عه‌تا ئاگاداری ئه‌و کاره ده‌بێت له حه‌مه‌تاڵ تووڕه ده‌بێت و ده‌ڵێ:کاکه حه‌مه بۆ دیله‌کانت کوشتووه؟ حه‌مه‌تاڵیش له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت:که‌که عه‌تا من تاقه‌تی ئه‌وه‌م نییه هه‌ر دیلێک بگرم تۆ بڵێیت ئه‌وه ئامۆزامه،ئه‌وه پووره‌زامه،ئه‌وه خاڵۆزامه و ئازادیان بکه‌یت.سه‌یید عه‌تاش به بیستنی ئه‌و قسه‌یه له حه‌مه‌تاڵ زۆر تووڕه ده‌بێت و هه‌ر له‌وێ له یه‌ک جیا ده‌بنه‌وه و له گه‌ڵ یه‌ک ڕێک‌ده‌که‌ون ناوچه‌کانی بانه و سه‌قز و بۆکان بۆ حه‌مه‌تاڵ بێت و ناوچه‌کانی مه‌ریوان و سنه و دیوانده‌ره و بیجاڕیش بۆ سه‌یید عه‌تا بێت و هیچ کاتێک ده‌ست‌درێژی نه‌که‌نه سه‌ر ناوچه‌کانی یه‌کتر.به‌لام پاش چه‌ند ساڵێک حه‌مه‌تاڵ هێرش ده‌کاته سه‌ر گوندی هه‌نجیران وئه‌و به‌سه‌رهاته ده‌ێته پێش که ئاکام کوژرانی حه‌مه‌تاڵی لێ ده‌که‌وێته‌وه.
سه‌رچاوه‌کان:
ا- به‌سه‌رهاتی فه‌رمانڕه‌وایی گه‌ڵواخییه‌کان – خالد ئه‌حمه‌دی
2- مشاهیر کورد(جلد سوم) – بابامردوخ روحانی(شیوا)
3- ئینتێرنێت